الرئيسية / سياسة / نێچیرڤان بارزانی: 100 ساڵە لە بەغدا عەقڵیەتی هێز حاکم بووە

نێچیرڤان بارزانی: 100 ساڵە لە بەغدا عەقڵیەتی هێز حاکم بووە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی (عێراق: قەدەرێکی تراژیدی) رایگەیاند، “گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ئەوە 100 ساڵە زۆریان چەشتووە بە داخەوە دوای سەدەیەکیش هێشتا گەلی کوردستان گیرۆدەی بەدەستهێنانی مافەکانیەتی، وەک چۆن هەمیشە ترسی لە رابردوو هەبووە، ئەمڕۆش هێشتا ترسی لە ئێستا و رابردوو هەیە”.

دەقی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

سەرەتا دەمەوێت سوپاسی رێکخەرانی ئەو کۆنفرانسە و ماندوبوونیان بکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و راسپاردە و ئەنجامی باش بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم.

لەوانەیە پێویست نەکات بچمە سەر بارودۆخی هەمەلایەنی 100 ساڵی پێشتر کە تێیدا عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکە چۆن و بە چ شێوەیەکی ناسرووشتی بێ لەبەرچاوگرتنی خواست و مافەکانی گەلی کوردستان دامەزران. ئەمە بۆ بەڕێزان پسپۆران و بەشدارانی کۆنفرانسەکەتان بەجێدەهێڵم.  

بێگومان گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ئەوە 100 ساڵە زۆریان چەشتووە، بەداخەوە دوای سەدەیەکیش هێشتا گەلی کوردستان هەر گیرۆدەی بەدەستهێنانی مافەکانییەتی. وەک چۆن هەمیشە ترسی لە رابردوو هەبووە، ئەمڕۆش هێشتا ترسی لە ئێستا و داهاتوو هەیە. 

عێراق واتە وڵاتی پێکهاتەکان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە سێ ویلایەتی (موسڵ، بەغدا و بەسرە) پێکهاتووە، ئەو سێ ویلایەتە بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و پێکهاتەی کولتووریان لێک جیابوونەتەوە. کورد لە باکوور، سوننە لە ناوەڕاست و شیعە لە باشوور. لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین پێکهاتەی دیکەی ئایینی و نەتەوەیی لە عێراقدا هەن.

عێراق وڵاتێکی فرەئایینی و نەتەوەییە، بەبۆچوونی من کێشەی سەرەکیی عێراق وەک هەر وڵاتێکی فرەنەتەوە و مەزهەب بریتییە لە کێشە لەسەر دەسەڵات. ئەوەش دیاردەیەکی سرووشتییە کە لە وڵاتێکی وادا لایەنە سیاسییەکان بۆچوون و رای جیاوازیان هەبێت. ئەوەش کاتێک دەبێتە گرفت کە لایەنێک بیەوێت بۆچوونی خۆی بەسەر هەموو لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت، یان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز یان سزا ببات، رێک وەک ئەوەی هەمیشە لە عێراق روویداوە.

هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921ـەوە، لە بەغدا عەقڵیەتی هێز حاکم بووە. کە ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتیەی بەسەر ئەم وڵاتەدا هێناوە، عێراقێکی زۆر دەوڵەمەند بە سامانی سرووشتی، دەوڵەمەند بە سامانی مرۆیی، دەوڵەمەند بە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و فرە کلتووری، لە پێگەیەکی جوگرافیای ستراتیژیدا، ئەگەر ئەو عەقڵیەتە نەبووایە ئێستا یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە دەبوو.

100 ساڵە لە عێراق هەمان هەڵە دووبارە دەکرێتەوە، وانە لە ئەزموونی تاڵ و شکستی دوای شکست لە شەڕی دوای شەڕ و لەو هەموو باج و ماڵوێرانییە دەرس وەرناگیرێت. کە گەلان و پێکهاتەکانی عێراق بینیویانە. بۆچی لە کاتێکدا ئێمە لە عێراق دەتوانین دەوڵەتێکی بەهێز و پێشکەوتوو بین، کەچی دەبین بە یەکێک لە خراپترینەکان، دامەزراوەکان فەلەج دەکەین، شارەکان دەبنە مەترسیدارترین شارەکانی جیهان بۆ ژیان، هاووڵاتیان هێشتا لە نەبوونی خزمەتگوزاریی زۆر سەرەتایی بێبەشن.

خەڵکی عێراق شایستەی ژیان و ئێستا و داهاتووێکی زۆر باشترە، ژیانێک بەرە بەرە ئازار و مەینەتیەکانی رابردوو ساڕێژ بکات، بە ئومێدەوە بەرەو ئاییندە هەنگاو بنێت، ئەمە بە واقیعبینی و خوێندنەوەی راست و بە تێگەیشتن و روانگەی تازە بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق دەکرێت.

بە عەقڵیەتی زۆرینە و کەمینە، بە دروستکردنی ملیشیات، بە راوەستاندنی دامەزراوەکان، بە هەژموونی تایفەگەری، بە هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی و بیری تەسکی سەردەست، بە هیچ شێوەیەک ئەمە نایەتە دی.

دەسەڵاتداران لە عێراق نابێت چیتر دیلی دەستی رابردووێکی تاڵ بن. بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتی هەمووان، ببێتە وڵاتێکی سەقامگیر و ئاوەدان و پێشکەوتوو، ببێتە ئومێدی ژیان بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو، دەبێت هەموومان بە بوێرییەوە دان بە هەڵەکانی رابردوودا بنێین و خواست و هەوەسی خۆ سەپاندن و چەند بارەکردنەوەی رابردوو واز لێبهێنین.

ئارامی و سەقامگیریی عێراق، پەیوەستە بە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانەوە. نموونە و ئەزموونە تاڵەکە دوێنێیە، زۆر دوور نییە، ئەگەر عێراق ئارام و سەقامگیر نەبێت ناوچەکەش ئارام و سەقامگیر نابێت. عێراق ئارام و سەقامگیر نەبوو داعش لە دایکبوو، ئەگەر هیچ نەگۆڕێت و کێشەکانی عێراق چارەسەر نەکرێت و هەمان هەڵەی سیاسی و پەراوێزخستنی پێکهاتەکان هەمان عەقڵیەتی هێز و خۆسەپاندن و نەخوێندنەوەی بەرامبەر بەردەوامبێت، بە تەئکید سبەینێ داعشێکی دیکە لە دایک دەبێت. هەمان چیرۆک خراپتر دووبارە دەبێتەوە، ئەوسا ئاسایش  و سەقامگیری ناوچەکەو جیهانیش دەکەوێتە مەترسییەوە.

کورد، کۆد و کلیلی چارەسەکردنی کێشەکانی عێراق و کێشەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەغدا، 100 ساڵە بەغدا نایەوێت کێشەکانی گەلی کوردستان چارەسەر بکات، 100 ساڵە عێراق نائارام و ناسەقامگیرە، 100 ساڵە هەموو توانا و دەوڵەمەندییەکانی عێراق بۆ کڕینی چەک و شەڕ خەرج دەکرێت، جگە لە ماڵوێرانی و کارەسات و مەینەتی بێ بڕانەوە، هیچی دیکە بۆ عێراق نەهاتووەتە دی.