الرئيسية / كوردستان / ئەمریکا پەیوەندییە بازرگانییە هەمیشەییەکانی لەگەڵ رووسیا هەڵدەوەشێنێتەوە

ئەمریکا پەیوەندییە بازرگانییە هەمیشەییەکانی لەگەڵ رووسیا هەڵدەوەشێنێتەوە

رووداو – هەولێر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن پەیوەندییە بازرگانییە ئاساییەکانی لەگەڵ رووسیا هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەوەش وا دەکات پێناسی گومرکیی زیاتر بەسەر بازرگانیی رووسیادا بسەپێندرێت.  

بایدن ئەمڕۆ هەینی 11-3-2022 لە گوتارێکدا لە کۆشکی سپی گوتیشی، هەنگاوی زیاتر دەنێن بۆ ئەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتە سەرەکییەکانی ئابووریی رووسیا قەدەخەبکەن و هاوردەکردنی خۆراکی دەریایی، ڤۆدکا و بەردە بە نرخەکانی ئەو وڵاتە دەوەستێنن.  سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان نایانەوێت هیچ ململانێیەکی راستەوخۆ لە نێوان ناتۆ و رووسیادا رووبدات، چونکە بە گوتەی خۆی، ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی جەنگی سێیەمی جیهانی و گوتیشی: “لە نێو ئۆکراینادا دژی رووسیا شەڕ ناکەین.” بایدن لە گوتارەکەی خۆیدا لە کۆشکی سپی، هۆشداری بە مۆسکۆ دا کە ئەگەر چەکی کیمیایی دژی ئۆکراینا بەکاربهێنێت، ئەوا “باجێکی قورس دەدات.” ئەوە لە کاتێکدایە، وڵاتە رۆژئاواییەکان گومان دەکەن رووسیا ئەو چەکە قەدەخەکراوانە لە ئۆکراینا بەکاربهێنێت، لە هەمان کاتیشدا مۆسکۆ هەریەکە لە واشنتن و کیێڤ تۆمەتباردەکەن بە دروستکردنی چەند تاقیگەیەک لە نێو ئۆکراینادا بۆ دروستکردنی چەکی بایۆلۆجی؛ کیێڤ و واشنتن ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە.  بەشێک لە قسەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا  – هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە بازرگانییە ئاساییەکان وا دەکات کە بازرگانیکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ رووسیا زەحمەتتر بێت. گرتنەبەری ئەو رێوشوێنە بە یەکگرتوویی لەگەڵ وڵاتە هاوپەیمانەکانمان کە نیوە ئابووریی جیهان پێکدەهێنن، وادەکات گورزێکی گەورە بەر ئابووریی رووسیا بکەوێت کە هەر خۆی کەوتووتە ژێر کاریگەریی سزاکانمان. – ئێمە هەروەها هەنگاوی زیاتر دەگرینەبەر بۆ قەدەخەکردنی هاوردەی شمەک لە چەند کەرتێکی سەرەکیی ئابووریی رووسیا، لە نێویشیاندا خۆراکی دەریایی، ڤۆدکا و بەردە بەنرخەکان. بەردەوام دەبین لە گوشارخستنە سەر پووتین. وڵاتانی گرووپی حەوت هەوڵدەدەن توانای رووسیا بۆ وەرگرتنی پارە لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان نەهێڵن، وەکو سندووقی نەختی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی. پووتین دووژمنکارە و پێویستە باجەکەی بدات. ناتوانێت بەردەوامی بە جەنگێک بدات کە هەڕەشەی بۆ سەر بناخەی ئاساییش و ئاشتیی نێودەوڵەتی دروستکردووە و لە هەمان کاتیشدا داوای یارمەتیی دارایی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.